ڕوانین و ئەرك

دۆخی خوێندنەوە


ئەم ماڵپەڕە بریتیە لە هەوڵێك بۆ ناساندن و نووسینەوەی مێژووی گوندی ئەرگۆش. لێرە هەموو شتێک دەربارەی مێژوو، خەڵك، جوگرافیا، سروشت، کلتوری گوندی ئەرگۆش بزانە و ببینە و ببیستە. لێرە دا ئەو کاتە کۆتایی دێت کە ئیتر نەتوانی دەستت بە زانیاری دەربارەی خەڵکی ئەم گوندە بگات. ئەرگۆش.ئینفۆ سەکۆیەك دەبێت بۆ پاراستنی جوانی و نەریت و ژیانی هەزاران مروڤگەلێکی ئەم ووڵاتە. لەم مینەرەوە دەنگ و ڕەنگی پارچەیەکی ووڵات بەرجەستە دەبێت. لێرە دا دەتوانی جوانی چیای گۆڤەندی سەرکەش ببینی. دەنگی زوڵالی لاوك و گۆرانی ببیستی. هەڵپەرکێ و داوەتی باب و باپیران بزانی. چیرۆکی کۆنی شەوانی زستان و پەند و قسەی ئاقلمەندان گوێ لێبگری. بە بەسەرهات و ژیاننامەی تاکەکان ئاشنا ببیت. لێرە کەسەکان تەنیا ناو و ژمارە نین، بەڵکو چیرۆکی پر لە هەست و سۆز و وانەی ژیانن. لێرە چۆن کلتور و مێژووی شوێن دەپارێزرێ، مێژوو و چیرۆکی تاکەکانیش پارێزراو دەبێت. ئەمە ڕوانینی و خەونی ئێمەیە. خەون نا، بەڵکو ڕاستیێكە کە پەیمانمان داوە بە جێیان بگەیێنین.

لەم خاڵانەی خوارەوە پاڵنەر و شێوازی بەرێوەبردنی ئەم ماڵپەڕە و ئامانجەکانمان خستۆتە ڕوو کە هەر یەکێکیان بەشێکی گرنگی ئەم پرۆژەیە پێك دێنن.

کەمی مێژووی نووسراو

زۆر بەداخەوە کە کورد زۆر کەم مێژووی خۆی نووسیوەتەوە. هەمیشە وابووە کە کەسانی میللەتانی تر مێژووی کوردیان نووسیوەتەوە بەو شێوازەی کە ئەوان ویستوویانە. ئەگەر بتەوێت بزانی کە خەڵكی شوێنێکی کوردستان چۆن ژیاون سەد ساڵ، پێنج سەد ساڵ یان هەزار ساڵ پێش ئێستا، زۆر بە زەحمەت دەتوانی سەرچاوەیەکی کوردی بدۆزیەوە. ئێمەی ئەو نەوەیەی کە هەرگیز لە گوند نەژیاوین هەمیشە پرسیار لە خۆمان دەکەین کە ئایا خەڵکی گوندی ئەرگۆش ژیانیان پێش سەد ساڵ یان دوو سەد ساڵ چۆن بووە؟ ئەوەی کە دەزانین لە دایك و باوك و خزمانەوە گوێمان لێ بووە. بەڵام وەکو دۆکیومێنت و نووسین هیچ شتێکی وا نیە لە سەر گوندی ئەرگۆش کە لە کۆنەوە نووسرابێت. زۆر جار گلەیی لەوە دەکەین "بۆ هیچ شتێکیان بۆ ئێمە بەجێ نەهیشتووە؟". کورتترین وەڵام لەوانەیە ئەوە بێت کە ڕێژەی خوێندەواری و ئەو هەڵومەرجەی کە تێدا ژیاون ڕێگە خۆشکەر نەبووە کە ئەو شتە بکەن. بەڵام پرسیارە ڕاستەکە ئەوەکە کە بپرسین "ئایا بۆ ئێمە شتەکان نانووسینەوە؟" کە هەموو شتێکمان لە بەردەستە. دەبێ نەوەکانمان دوای پەنجا ساڵی تر یان سەد ساڵی تر چی بە ئێمە بڵین کە ئەو هەموو تەکنەلۆجیایەمان لە بەردەست بووە و هیچمان نەکردووە. ئیتر لێرە دا بڕیارەکە درا کە نابێ ئەوان ئەو پرسیارە بکەن. بەڵکۆ ئێمە مێژووی خۆمان دەنووسینەوە و دەیپارێزین بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو هەم بزانن و هەمیش شانازی بەوە بکەن کە مێژووی تۆمارکراوی نەوەکانی پێش خۆیان لە بەردەستە. ئەوەی شایانی دەست خۆشی و شانازییە لەم چەند ساڵەی ڕابردوو چەند کەسانێکی ڕۆشنبیر و ئەکادیمی ئەرگۆش چەند پەرتووکێکیان نووسیووە کە هەنگاوێکی ئیجگار پیرۆزە. ئەو شتە جیاوازەی ئێمە دەمانەوێت بکەین ئەوەیە کە ئەم ماڵپەرە زۆر گشتگیر بێت لە کۆکردنەوەی هەموو زانیارییەکان نەك تەنیا مێژوویەکی گشتی بێت. هەروەها هەموو شتەکان بە نووسین و وێنە و ڤیدیۆ بەردەست بێت و بە ئاسانی لە هەر شوێنێکی جیهان خەڵک دەستی پێ بگات. لەم ماڵپەرە هەموو کەسێك دەتوانێت بەشدار بێت لە نووسینی بابەت لە سەر ڕووداوە گشتی و تایبەتەکان کە وا دەکات نووسینی مێژوو زیاتر لە ڕاستیەوە نزیك بێت وەك لەوەی تەنیا چەند کەسێك ئەوە بکەن. ئەم ماڵپەڕە هەوڵێکی ناوازەیە کە نووسین و بابەتی کلتوری بە زمانی کوردی لە ئینتەرنێت بەردەست بێت کە بەداخەوە شتی لەم جۆرە بە کوردی زۆر زۆر کەمە. دواتر نووسینەکانی ئەم ماڵپەرە دەتوانرێت بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی وەربگێردرێت بۆ زمانەکانی تر کە ئەمەش خۆی لە خۆی دا هەنگاوێکی گەورەیە بۆ پاراستنی زانیاریەکان و بڵاو بوونەوەی.

دەوڵەمەندی کلتور

وەك بەشێك لە گەلی کورد، خەڵکی گوندی ئەرگۆش خاوەنی کلتورێکی دەوڵەمەندە لە جل و بەرگ، خواردن، گورانی، یاری، نەریتە کۆمەڵایەتیەکان و هەموو بوارەکانی تری ژیان. Ergosh.info بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانێت کە ئەم هەموو زانیاریانە دۆکیومێنت بکات و ببێت بە سەرچاوەی زانیاری (ئینسایکلۆپیدیا) یەکی گشتگیر بۆ ئێستا و داهاتوو. ئەمە دەبیت بە گەنجینەیەکی زۆر بەها بۆ لێکۆلینەوە لە مێژوو و کلتوری گوندی ئەرگۆش و دەڤەری مزوری باڵا بە گشتی.

بەرجەستەکردنی چیرۆکی مرۆڤەکان

یەكێك لەو شتە هەرە نوێیانە و ناوازانەی کە Ergosh.info دەیەوێت دروستی بکات بریتیە لە دروستکردنی "کۆچنامە" ی ئەرگۆش. لەم کۆچنامەیە چیرۆکی تاك بە تاکی کۆچکردووانی گوندی ئەرگۆش کۆدەکرێتەوە و دەپارێزرێت. کۆچکردووەکانمان نابێ تەنیا ناو و ژمارە بن، بەڵکو دەبێ ببن بە چیرۆك و سەرچاوەی وەرگرتنی دانایی بۆ نەوەی داهاتوو. ئێمە بڕاوامان وایە گەورەترین ڕێز بۆ کۆچکردوویەك ئەوەیە کە چیرۆکی بە نەمری بمێنێتەوە. بۆیە هەموو کەسێکی گوندی ئەرگۆش شایەنی ئەوەیە کە چیرۆکی ژیانی بنووسرێتەوە و شانازی بە ژیانیەوە بکرێت. سەرەڕای بەرجەستەکردنی ژیانی کەسەکان لەو ڕێگەیەوە، خودی ژیانی تاکەکان دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ تێگەیشتن لە قوڵایی تاک و مێژووی خەڵکی گوندی ئەرگۆش. واتا، نووسینەوەی مێژوو لە ڕیگای تاکەکانەوە. بۆیە داوا لە بنەماڵەی کۆچکردووەکان دەکەین کە ژیاننامەی ئازیزانیان بۆمان بنێرن بۆ ئەوەی چیرۆکی ژیانیان بە زیندوویی بمێنێتەوە.

لە ووڵاتانی تر ئەمە شتێکی باوە و زۆر ڕێزلێگیراوە (ئەوانەی کە لە ئەمریکا دەژین، ئەوەیان بینیوە هەم لە ڕۆژنامە و هەم لە ماڵپەڕەکان.) بەڵام لە ناو کوردا شتێکی وامان نەبینیوە. بە پێی زانیارییەکانمان ئەمە یەکەم ماڵپەری کوردییە کە ئەم شتەی تێدا بێت و بەو شێوازە کۆ کرابێتەوە.

پڕۆژەی #مێژووی_خۆت_بنووسەوە

ئەم ماڵپەڕە دامەزراوە بۆ نووسینەوەی مێژوو بە گشتی، نەك تەنیا بۆ نووسینەوەی مێژووی گوندێك. ئێمە، دامەزرێنەرانی ماڵپەڕ کەسانی جیهانبینین و هەرگیز مەبەست لەم ماڵپەڕە بیری تەسکی گوند و عەشیرەتگەرایی نیە. بەڵام ئێمە دەستمان بەو خەڵکە دەگات کە مێژوویان بنووسینەوە وەك بەشێك لە مێژووی کورد. بەهەمان شێوە دەمانەوێت خەڵکانێکی چاوکراوە و بیر فراوان لە شوێنەکانی تر ئەم شتە بکەن. ئەم پرۆژەیە بە Ergosh.info دەست پێ دەکات بۆ نووسینەوەی مێژووی گوندی ئەرگۆش. بەڵام ئێمە دەمانەوێ ئەم شتە گشگیر بێت و هەموو گوند و شارۆچکە و شارێک بگرێتەوە. بۆیە ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیێنین کە کۆدەکانی ئەم سایتە (Source code) بە خۆڕایی دەدەین بە هەر کەسێك کە بیەوێ مێژووی خۆی بنووسێتەوە.

ئەم سایتە بە (Django) HTML, CSS, Javascript, Python دروست کراوە. ئێمە ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییێکی تەکنیکی لە دۆمەین و هۆستینگ . ئەگەر هەر کەسێك کەمێك زانیاری لە سەر بەڕێوەبردنی ماڵپەڕ هەبیت هیچ پێویست ناکات خۆی ئەو زمانانە بزانێت، بەڵام دەبێ لە بنەماکانی ئیشکردنی ووێبسات شارەزا بیت. كڕینی دومەین و هۆست وە کرێی ساڵانەی لە سەر کەسەکان خۆیان دەبێت. (بەڵی، سەرەڕای کۆدەکە دەبی ساڵانە کرێی ئەو سێرڤەرە بدرێت کە ماڵپەڕەکە لێیەوە کار دەکات کە ئەوە هیچ پەیوەندی بە کۆدەکەوە نیە). دۆمەین بریتیە لە ناوی ماڵپەر بۆ نموونە (ergosh.info) کە ساڵانە کرێیەکی کەم دەدەی بەڵام هۆستی ماڵپەرەکە (ئێمە Linode بەکاردێنین) دەبێ مانگانە کرێکە بدەی و بە گشتی گرانترە. بە پیی کۆمپانیا و جۆری هۆست کرێکە جیاوازە.

شێوازی کۆکردنەوەی زانیاری

ئەم پرۆژەیە لە لایەن کەسانی ئەکادیمیەوە دەست پێکراوە و بە تەواوی ماڵپەڕێکی سەربەخۆیە. لەم پرۆژەیە شێوازی زانستیانەی کۆکردنەوەی زانیاری پەیڕەو دەکرێ. هیچ زانیاریەك بە بێ سەرچاوە بڵاو ناکرێتەوە، بەتایبەتی بابەتی مێژوویی. هەر زانیارییەکی مێژوویی یان کلتوری دەبێ ناوی ئەو کەسانە ببرێ کە ئەو ڕووداوانەیان بینیوە. لەوانەیە خودی نووسەری بابەتەکە سەرچاوەی زانیارییەکان بێت و ڕووداوەکانی بینیبێت. ئەگەر لە چەندین کەسەوە دڵنییایی ڕاستی زانیاریەکە پشتڕاست بکرێتەوە بابەتەکە بەهایەکی زانستی زیاتری دەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر گەنجێکی گوندی ئەرگوش لە هەریر، سۆران، پیرمام، هەولێر یان هەر شوێنێکی تر لە دایك بووبێت و ژیا بێت و زانیارییەك دەربارەی ڕووداوێکی ساڵی 1970 باس بکات دەبێ دیاری بکات کە سەرچاوەی زانیاریەکە دەگاتەوە بە کەسێك کە لەو ڕووداوە بەشدار بووبێت یان بینیبێت.

هەرچەندە زاراوەی گوندی ئەرگۆش بادینی/کورمانجیە بەڵام شێوازی نووسینی سۆرانی بەکاردێت بۆ نووسین و بڵاو کردنەوەی بابەتەکان لەم ماڵپەڕە. سەرەڕای ئەمە بە هەموو جورێك پشتگیری لە نووسین بە شێوەزاری ئەرگۆشی دەکەین بە تایبەت بۆ نووسینی گۆرانی و پەند و چیرۆکە کۆنەکان.

ڕووداوە میژوویەکان دەبی وەکو ڕووداو باس بکرێن. هەر زانیارییێك ڕەنگدانەوەی ڕای تاکە کەس، بنەماڵە یان حزب یان هەر شێوازێکی تڕی لایەنگیری تێدا بێت دەبێ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت بە شێوازێك بێت کە گێرانەوەی ڕاستی بێت نەك شێواندنی ڕاستی. بۆ هەر زانیارییێك، ئێمە شێوازی نووسین و وێنە بە پەسەند دەزانین. بەڵام ئەگەر کەسێك دەنگێك یان ڤیدیۆیێکی لایە داواکارین کە نووسینێک لە سەری بنووسێت ئینجا شتەکان بنێرێت. لەم ماڵپەرە دەستەیەك کە پێکهاتووە لە چەند کەسی ئەکادیمی پشتڕاستی هەر زانیارییەکی مێژوویی دەکەنەوە ئنیجا بابەتەکان بلاو دەکرێنەوە. سەیری دەبارەی ئێمە بکە بۆ ناسینی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی ماڵپەڕ.

لەم ماڵپەڕە ووتاری فکریی و کلتوریش بڵاو دەکرێتەوە بۆ هاندانی خەڵك بۆ نووسین و پێگەیاندنی نووسەری بە توانا. هەروەها رەخساندنی مینبەرێك کە هەموو نووسەرەکان بتوانن بابەتەکانیان تێدا بڵاو بکەنەوە. خودی بابەت و بڵاوکراوەکانی ئێستا دەبن بە مێژوو بۆ داهاتوو. بەڵام هەر بابەتێك بانگەشەی سیاسی تێدا بێت بڵاو ناکرێتەوە. بە هیچ شێوەیەك ووتاری سیاسی لەم ماڵپەرە بڵاو ناکرێتەوە کە بانگەشە بێت بۆ حزبێکی دیاریکراو. ئەو بابەتە مێژووییانەی کە ڕەهەندی سیاسییان هەیە بە شێوازێکی ئەکادیمی و زانستیانە دەنووسرێن، ئینجا بڵاو دەکرێنەوە.

هەر بابەتێك لەم ماڵپەڕە بڵاو دەکرێتەوە مافی پارێزاوە بۆ Ergosh.info. بە هیچ شێوەیەك نابێت بابەتێکی ئەم ماڵپەڕە لە شوێنێکی تر بڵاو بکرێتەوە بە بێ رەزامەندی ماڵپەڕ و نووسەری بابەتەکە.

مانای لۆگۆی Ergosh.info

ڕەنگی شینی ئاسمانی نیشانەی پاکی سروشت و ئاو و هەوایە، ڕەنگی سپی نیشانەی بەفری زستانە، ڕەنگی سەوز نیشانەی بەهار و سەوزی گوندە. لۆگۆی Ergosh.info دوو نیشانەی گرنگی گوندی ئەرگۆشی تیدایە. چیای گۆڤەند و گەڵای داری گوێز. چۆن قەڵای هەولێر ناسنامەی هەولێرە، چیای گۆڤەندیش ناسنامەی ئەرگۆشە. ئەرگۆش بە داری گوێز بەناوبانگە و یەکێکە لە سەرەکیترین سەرچاوەی خواردن و جوانی ئەرگۆش.